ئاستە بەرزەکەی خانمە ئەمریکییەکە لەمساڵدا بەردەوامە
جاسیكا پیگۆلا بەربەستی یو وانگی بەسەركەوتویی تێپەڕاند

هەر لە پاڵەوانێتی ئیندیانا وێڵز, بەڵام لە قۆناغی سێیەمی ئاستی خانمان, جاسیكا پیگۆلای ئەمریكی و چوارەمی ریزبەندی جیهان درێژەی بە ئاستە بەرزەكەی دا و توانی بە ئەنجامی دوو كۆمەڵەی بێ وەڵام لە ژین یو وانگی چینی بباتەوە.
خانمە ئەمریكییەكە یارییەكەی بە بەهێزی دەستپێكرد و لە كۆمەڵەی یەكەم دوو جار سێرڤی ركابەرەكەی شكاند و بە ئەنجامی 6-2 پێشكەوت.
دواتر و لە كۆمەڵەی دووەمیشدا بەردەوام بوو لە پێشكەش كردنی ئەو ئاستە بەرزەو بە كۆی 6-1 سەركەوتنی خۆی لە ماوەی تەنیا یەك سەعاتدا یەكلا كردەوە.
بەمەش جاسیكا پیگۆلا كە هەفتەی رابردوو نازناوی پاڵەوانێتی ئۆستنی بردبووەوە, خۆی گەیاندە قۆناغی 16 و تیایدا رووبەڕووی ئیلینا سڤیتۆلینا دەبێتەوە.