ئەرژەنتین كلاسیكۆی لە بەرازیل بردەوەو بۆ مۆندیال سەركەوت

3/26/20253/26/2025
2525
Article Image

هەڵبژاردەی بەرازیلیش بە 21 خاڵەوە بۆ پلەی چوارەم دابەزی


لە یارییەكانی جەولەی 14ی پاڵاوتنی مۆندیال لە كلاسیكۆی ئەمریكای لاتین, هەڵبژاردەی ئەرژەنتین لە ناو یاریگای خۆی سەركەوتنێكی ئاسانی بەرامبەر هەڵبژاردەی بەرازیل بەدەست هێنا بە ئەنجامی چوار گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێك.
پاڵەوانانی جیهان هەر لە سەرەتاوە بە بەهێزی دەستیان پێكرد و چوار دەقەیان بەس بوو بۆ ئەوەی گۆڵی یەكەم لە رێگەی جولیان ئەلڤارێزەوە تۆمار بكەن.
گۆڵی دووەمیش زۆر دوا نەكەوت و ئەمەیان ئینزۆ فێرناندێز بە پاسێكی جوانی مۆلینا لە دەقەی 12ی كردو جیاوازییەكەیان كردە دوو هێندە.
هەرچەندە لە دەقەی 26 ماتیۆ كونیا گۆڵێكی بۆ سامبا كرد و جیاوازییەكەیان كەم كردەوە.
بەڵام تانگۆ رێگەی بە میوانەكەی نەدا بگەڕێنەوە نێو كەشی یارییەكەو هەر لە گێمی یەكەمدا و لە دەقەی 37 ئەلێكیس ماك ئەلیستەر گۆڵی سێیەمیشی كرد.
دوای یەكلا كردنەوەی سەركەوتنەكەیان لە گێمی یەكەم, تیپەكەی لیۆنێل سكالۆنی لە گێمی دووەم تەنیا یەك گۆڵی تری تۆماركرد و ئەویش بە ئیمزای جولیانۆ سیمیۆنی بوو لە دەقەی 71.
بەم سەركەوتن هەڵبژاردەی ئەرژەنتین بە شێوەیەكی رەسمی بۆ مۆندیالی 2026 سەركەوت و لە پێشەنگی ریزبەندی دەمێننەوە, هەڵبژاردەی بەرازیلیش بە 21 خاڵەوە بۆ پلەی چوارەم دابەزی.