کریستیانۆ رۆناڵدۆ جارێکیتر گۆڵی تۆمارکرد
لە خولی سعودی یانەی نەسڕ نەیتوانی لە شەباب بباتەوە

بۆ هەفتەی دووەم لەسەریەك یانەی نەسڕ لە خولی سعودی نەیتوانی سەركەوتن بەدەست بێنێت و لە یارییەكانی هەفتەی 24 لە ناو یاریگای خۆیان بە ئەنجامی 2-2 لە دێربییەكی بچووكی شاری ریاز لەگەڵ یانەی شەباب یەكسانبوون.
لە دەقەی 44 لێدانێكی سزا بۆ شەباب هەژمار كرا و لە رێگەیەوە عەبدولرەزاق حەمدوڵا گۆڵی یەكەمی بۆ تیپەكەی تۆماركرد.
دوای تەنیا دوو دەقە لەو گۆڵە, ئەیمەن یەحیا سالم گۆڵێكی بۆ نەسڕ تۆمار كرد و ئەنجامەكەیان یەكسان كردەوە.
سیناریۆ شێتانەكەی كۆتا ساتەكانی گێمی یەكەم درێژەی كێشاو لە دەقەی حەوتەمی كاتی زیاد كراو كریستیانۆ رۆناڵدۆ بە شێوەیەكی زۆر جوان گۆڵی دووەمی بۆ زەرد پۆشەكان تۆماركرد, كە هاوكات گۆڵی ژمارە 18ی خۆی بوو لەم وەرزەدا و پێشەنگی گۆڵكارانی خولەكەی گرتووە.
دواتر و لە دەقەی 52ی گیمی دووەم محەمەد فەتیلی یاریزانی نەسڕ بە كارتی سور كرایە دەرەوەوی تیپەكەی بە 10 یاریزانەوە یارییەكەی تەواو كرد.
یانەی شەبابیش توانی بە باشترین شێوە سود لەم بڕیارە وەربگرێت و لە دەقەی 67 گۆڵی دووەم و یەكسان بوونی خۆیان تۆمار كرد و خاڵێكیان لە نەسڕ وەرگرت.
بەمەش یانەی نەسڕ لە پلەی چوارەمی ریزبەندی دەمێنێتەوەو 48 خاڵیان هەیە, لە كاتێكدا شەباب 40 خاڵی هەیە و لە پلەی شەشەمدان.