بەم شكستە ئەركی عیراق بۆ گەیشتن بە مۆندیال بە شێوەیەكی راستەخۆ لە ئەستەم نزیك دەبێتەوە
عیراق بە فەڵەستین دۆڕاو خەونی گەیشتنی بە مۆندیال ئاڵۆز بوو

لە درێژەی یارییەكانی جەلەی هەشتەمی مۆندیالی ٢٠٢٦ و لە كۆمەڵەی دووەم، هەڵبژاردەی عیراق لە دەرەوەی یاریگای خۆی تووشی شكستێكی چاوەڕوان نەكراو هات بەرامبەر هەڵبژاردەی فەڵەستین بە ئەنجامی گۆڵێك بەرامبەر بە دوو گۆڵ.
لە گێمی یەكەم یاریزانانی عیراق كۆنترۆڵی یارییەكەیان كردبوو و تیایدا لە دەقەی ٣٤ لە رێگەی ئەیمەن حسێنەوە گۆڵی پێشكەوتنی خۆیان تۆماركرا.
بەڵام دواتر لە گێمی دووەم ئاستی كوڕانی نێوان دوو رووبارەكە دابەزی و نەیان توانی هیچ مەترسییەك لەسەر ركابەرەكەیان دروست بكەن.
پێشەنگییەكەی عیراق تا دەقەی ٨٨ بەردەوام بوو و نزیك بوون لەوەی سێ خاڵی بەنرخ بەدەست بێنن، بەڵام لەو كاتەدا ویسام ئەبوو عەلی گۆڵێكی كوشندەی بۆ فەڵەستین تۆماركرد ئەنجامەكەیان یەكسان كردەوە.
فەڵەستینییەكان بەو ئەنجامە رازی نەبوون و لە دەقەی ٩٧ گۆڵی سەركەوتنیشان تۆماركردو عیراقییەكانیان تووشی شۆكێكی گەورەكردو دیارییەكی گەورەشیان پێشكەش هەڵبژاردەی ئەردەن كرد كە یارییەكە لە یاریگای ئەوان بەڕێوە دەچوو.
بەم شكستە ئەركی عیراق بۆ گەیشتن بە مۆندیال بە شێوەیەكی راستەخۆ لە ئەستەم نزیك دەبێتەوەو بۆ ئەم مەبەستە دەبێت ئەو دوو یارییەی بەرامبەر كۆریای باشوور و ئەردەن ماویەتی هەردووكی بباتەوە، هاوكات هەڵبژاردەی ئەردەنیش هەردوو یارییەكەی بدۆڕێنێت.