لە گەیشتن بە لیڤەرپوڵی پێشەنگ زیاتر بێهیوا بوون
ئارسیناڵ بەزەحمەت لە شكست بەرامبەر مان یونایتد رزگاری بوو

لە یاریی لوتكەی هەفتەی 28ی پرێمەر لیگ, یانەی مانچستەر یونایتد لە ناو یاریگای ئۆڵد ترافۆرد میوانداری یانەی ئارسیناڵی كرد.
لە گێمی یەكەم یاریزانانی یانە لەندەنییەكە بە تەواوی كۆنترۆڵی یاریگایان كردبوو, بەڵام لە كۆتا ساتەكاندا برۆنۆ فێرناندێز بە لێدانێكی راستەوخۆ گۆڵێكی ناوازەی بۆ مان یونایتد تۆمار كرد و پێشەنگیان گرتە دەست.
دواتر و لە گێمی دووەم شەیتانە سورەكان دوو جار هەلی ئاسانیان بۆ رێككەوت تا گۆڵی دووەم تۆمار بكەن و كۆتایی بە یارییەكە بێنن, بەڵام سودیان لە هەلەكانیان وەرنەگرت.
لە دەقەی 74یش دێكلان رایس بە پاسێكی جورین تیمبەر گۆڵی یەكسان بوونی بۆ تۆپ هاوێژەكان تۆمار كرد و یارییەكەش بە ئەنجامی گۆڵێك بۆ هەردوو تیپ كۆتایی هات.
بەم یەكسان بوونە یانەی ئارسیناڵ زیاتر لە لیڤەرپوڵی پێشەنگ دوردەكەوێتەوەو بە 55 خاڵەوە لە پلەی دووەمی ریبزەندی دەمێننەوە, مان یونایتدیش 34 خاڵی هەیەو لە پلەی 14یەمە.