بارسێلۆنا بە رێمۆنتادایەكی ناوازە لە ئەتلەتیكۆی بردەوەو پێشەنگی لە ریاڵ مەدرید وەرگرتەوە

3/17/20253/17/2025
1515
Article Image


لە یاریی لوتكەی هەفتەی 28ی خولی ئیسپانی, یانەی بارسێلۆنا لە دەرەوەی یاریگای خۆی بە سیناریۆیەكی دراماتیكی شكستی بە ئەتلەتیكۆ مەدرید هێناو لە رێگەیەوە پێشەنگی ریزبەندی خولەكەشی لە ریاڵ مەدرید وەرگرتەوە.

 

دوای تەنیا چوار رۆژ لە یارییە سەرسوڕهێنەرەكەیان لە چامپیۆنس لیگ  بەرامبەر یانەی ریاڵ مەدرید, یاریگای واندا میترۆپۆلیتانۆی تایبەت بە یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید بووە شوێنی یارییەكی شێتانەی تر و ئەمجارە رۆخی بلانكۆس لە بەردەم هاندەرانی خۆی شۆك كرا و بە یانەی بارسێلۆنا دۆڕان.
لە دەقەی 5 لامین یامال یەكەم زەنگی مەترسیداری بۆ ئەتلەتیكۆ لێداو نزیك بوو لەوەی گۆڵی پێشكەوتنی تیپەكەی تۆماربكات, بەڵام سودی لەو هەلە ئاسانە وەرنەگرت و تۆپەكەی بەلای راگری گۆڵدا رۆشت.
تا دەقەی 44 هیچ هەلێكی تر لە یارییەكەدا دروست نەكراو لەمەشیاندا رۆبەرت لیڤاندۆڤسكی هێرشبەری بارسا نەیتوانی تۆڕی ئەتلەتیكۆ مەدرید بهەژێنێت.
دوای تەنیا یەك دەقە لەو هەلە, تیپەكەی دیێگۆ سیمیۆنی لە یەكەم هەلی خۆیاندا گۆڵی پێشكەوتنیان تۆماركرد, گۆڵەكەش بە ئیمزای جولیان ئەلڤارێزی ئەرژەنتینی بوو و نیوەی یەكەم بە پێشەنگی رۆخی بلانكۆس كۆتایی هات.
دواتر و لە نیوەی دووەمیشدا ئەگەرچی تۆپ لای یاریزانانی بارسا بوو, بەڵام ئەتلەتیكۆ مەترسیدار تر بوو و دوای دروست كردنی چەند هەلێك, سەرئەنجام و لە دەقەی 71 ئەلێسكاندەر سۆرلۆس گۆڵی دووەمی بۆ تیپەكەی كرد و جیاوازییەكەیان بۆ دوو هێندە زیادكرد.
بەڵام ئەمە بەس نەبوو بۆ راگرتنی كوڕانی هانس فیلیك و دوای دوو دەقە توانیان جیاوازییەكە كەم بكەنەوەو لە دەقەی 72 لیڤاندۆڤسكی گۆڵی یەكەمی تیپەكەی تۆماركرد.
ئەم گۆڵەی لیڤا بووە خاڵی سەرەتا بۆ یانە كەتەلۆنییەكەو لەوێوە ئیتر بە تەواوی كۆنترۆڵی یاریگایان گرتە دەست و هێرشەكانیشیان بۆ سەر تیپی خاوەن یاریگا چڕتر كردەوە, تا لە دەقەی 78 فێران تۆرێس بە تۆپێكی بەرزی رافینها و بە لێدانی سەر گۆڵی دووەم و یەكسان بوونی هێنا.
ئەنجامی یەكسان بوون لە نێوان هەردوو تیپ تا دەقەی 92 درێژەی كێشاو هەموان پێیان وابوو یارییەكە بەو شێوەیە كۆتایی دێت, بەڵام لەو كاتەدا لامین یامال لێدانێكی ئاراستەی گۆڵ كرد و بەر یاریزانێكی ئەتلەتیكۆ مەدرید كەوت و ئاراستەكەی گۆڕاو لە رێگەیەوە گۆڵێكی كوشندەی بۆ بلۆگرانا تۆماركرد و رێمۆنتاداكەیان بەسەر سور و سپییەكاندا تەواو كرد و لامینیش بەم شێوازە سەرسوڕهێنەرە كۆتایی بە دوركەوتنەوەی هێنا لە هەژاندنی تۆڕی یانەكانی لا لیگا كە لە سێ مانگ  نزیك بوو بووە.
بارسا بەمەوە نەوەستا و لە كۆتا ساتەكانی یارییەكەشدا لە رێگەی فێران تۆرێسەوە ئیمزایان لەسەر گۆڵی چوارەم و دڵنیایی كرد و بەم سیناریۆ شێتانەیە بە ئەنجامی چوار گۆڵ بەرامبەر بە دوو گۆڵ سەركەوتنیان بەرامبەر یانە مەدریدییەكە نووسییەوە.
ئەمەش حەوتەم سەركەوتنی لەسەریەكی بارسێلۆنا بوو لە لا لیگا و بەهۆیەوە پێشەنگی ریزبەندی خولەكە دەگرنەوەو بە جیاوازی گۆڵ كەوتنە پێش ریاڵ مەدریدی دووەم و یارییەكی دواخراویشیان ماوە, یانەی ئەتلەتیكۆ مەدریدیش بە 56 خاڵەوە لە پلەی سێیەمی ریزبەندی دەمێنێت ئەمە دووەم شكستی لەسەریەكیان بوو.
یاریگای واندا میترۆپۆلیتانۆ دوای كۆتایی هاتنی یارییە نێودەوڵەتییەكانی ئەم مانگە, جارێكی تر دەبێتە شوێنی رووبەڕوو بوونەوەی ئەتلەتیكۆ و بارسا و تیایدا هەردوو یانە یاریی گەڕانەوەی جامی شای ئیسپانیا ئەنجام دەدەن, ئەمەش دوای ئەوەی یاریی چونی نێوانیان بە یەكسانبوون بە ئەنجامی 4-4 كۆتایی هات.
 

newspaper

بابەتی پەیوەندیدار