ریاڵ مەدرید یاریی یەكەمی چامپیۆنس لیگی لە ئەتلەتیكۆ بردەوە

3/5/20253/5/2025
1515
Article Image

یاریی گەڕانەوە لە یاریگای ئەتلەتیکۆ مەدرید ئەنجامدەدرێت

 

لە یاریی یەكەمی قۆناغی 16ی چامپیۆنس لیگ  و لە دێربی مەدرید, یانەی ریاڵ مەدرید لە ناو یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ میوانداری یانەی ئەتلەتیكۆ مەدریدی كرد.

پاڵەوانانی وەرزی رابردوو یارییەكەیان بە سەرەتایەكی ئاگرین دەستپێكرد و دوای تێپەڕبوونی تەنیا چوار دەقە گۆڵی پێشكەوتنی خۆیان لە رێگەی رۆدریگۆی بەرازیلییەوە تۆماركرد.

بەڵام هەرزوو یاریزانانی ئەتلەتیكۆ گەڕانەوە نێو كەشی یارییەكەو دوای دروستكردنی چەند هێرشێك لە دەقەی 32 جولیان ئەلڤارێزی ئەرژەنتینی بە شێوەیەكی زۆر جوان گۆڵی یەكسانبوونی بۆ رۆخی بلانكۆس هێنا و گێمی یەكەم بەو شێوەیە كۆتایی هات.

هاوشێوەی گێمی یەكەم, لە گێمی دووەمیشدا یاریزانانی ریاڵ بە بەهێزی دەستیان پێكرد و ئەمجارەیان لە دەقەی 54 براهیم دیاز بە هەوڵێكی تاكە كەسی گۆڵێكی ناوازەی تۆماركرد و جارێكی تر تیپەكەی كردە پێشەنگ.

تا فیكەی كۆتایی مێرێنی توانی پارێزگاری لەم ئەنجامە بكات و بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێك شكستیان بە میوانەكەیان هێنا پێش ئەوەی یاریی گەڕانەوە لە ناو یاریگای ئەتلەتیكۆ ئەنجام بدەن كە بڕیارە هەفتەی داهاتوو بەڕێوە بچێت.

newspaper

بابەتی پەیوەندیدار