ئارسیناڵ سەركەوتنێكی مێژوویی بەرامبەر ئایندهۆڤن نووسییەوە 

3/5/20253/5/2025
1515
Article Image

گەورەترین سەرکەوتنی دەرەوەی یاریگایە لە مێژووی چامپیۆنس لیگ

 

پێشەكی: لە یارییەكی تری قۆناغی 16ی چامپیۆنس لیگ, یانەی ئارسیناڵ لە دەرەوەی یاریگای خۆی سەركەوتنێكی مێژوویی بەرامبەر یانەی ئایندهۆڤن نووسییەوەو پێیەكیان خستە قۆناغی چارەكی كۆتایی پاڵەوانێتییەكەوە.

 

پێچەوانەی ئەنجامەكانی ئەم دواییەیان لە ناوخۆی ئینگلتەرا, یانەی ئارسیناڵ لە یاریی چونی قۆناغی 16 چامپیۆنس لیگ  بە ئاستێكی ناوازەوە دەركەوت و لە دەرەوەی یاریگای خۆیان سەركەوتنێكی مێژووییان بەرامبەر یانەی ئایندهۆڤنی هۆڵندی نووسییەوە.

یەكەم هەلی راستەقینەی یارییەكە بۆ یاریزانانی تیپی خاوەن یاریگا دروست بوو, ئەوەش كاتێك لە دەقەی 16 ئیسماعیل سەیباری خۆی لەبەردەم گۆڵێكی بەتاڵدا بینییەوە, بەڵام نەیتوانی سود لەو هەلە ئاسانە وەربگرێت و تۆپەكەی بەر ستونی گۆڵ كەوت.

یانەی ئارسیناڵ زۆر بە خێرایی سزای لەدەستدانی ئەو هەلەی ئایندهۆڤنی دا و لە دەقەی 18 لە رێگەی جورین تیمبەرەوە گۆڵی یەكەمی یارییەكەیان تۆماركرد و پێشەنگیان گرتە دەست.

لە دوای ئەو گۆڵەوە ئیتر یارییەكە بەڕووی تۆپ هاوێژەكانی لەندەندا كرایەوەو تەنیا سێ دەقە بەسەر گۆڵی یەكەمدا تێپەڕی بوو كاتێك ئیسان نوانێری تەمەن 17 ساڵ گۆڵی دووەمی یانەكەی تۆمار كرد و جیاوازییەكەیان كردە دوو هێندە.

دواتر و لە دەقەی 31 بەرگریكارانی ئایندهۆڤن كەوتنە هەڵەیەكی كوشندەوەو نەیان توانی بەرامبەر هێرشێكی گەنەرز بە باشی بەرگری بكەن و میكێل مێرینۆی ئیسپانیش سودی لەو دۆخە وەرگرت و ئیمزای لەسەر گۆڵی سێیەمی ئارسیناڵ كرد.

بەر لە كۆتایی هاتنی گێمی یەكەم بە سێ دەقە, داوەر لێدانێكی سزای بۆ تیپی خاوەن یاریگا هەژمار كرد و لە رێگەیەوە نوا لانگی گۆڵێكی بۆ یانەكەی كرد و جیاوازییەكەیان كەم كردەوەو پێیان وابوو گەڕاونەتەوە نێو كەشی یارییەكە,

بەڵام ئەوەی لە گێمی دووەم روویدا تەواو جیاواز بوو بۆ پاڵەوانانی هۆڵندا و تیایدا یاریزانانی گەنەرز بە تەواوی كۆنترۆڵی یارییەكەیان كرد و لە دەقەی 47 لە رێگەی مارتین ئۆدیگاردی كاپتنەوە گۆڵی چوارەمیان كرد, ئەمەش بووە گورزێكی كوشندە لە یانە هۆڵندییەكەو چیتر نەیان توانی بەرامبەر یانە ئینگلیزییەكە خۆڕاگر بن.

دوای تەنیا دەقەیەك لەو گۆڵە, لیاندرۆ ترۆسارد بە پاسێكی ریكاردۆ كالافیۆری گۆڵێكی جوانی بۆ ئارسیناڵ تۆماركرد و ئەنجامەكەیان كردە 5-1 و هێندەی تر باری سور  و سپیەكانیان قوس كرد.

سەرباری یەكلا كردنەوەی سەركەوتنەكەیان, بەڵام كوڕانی میكێل ئارتێتا بێ بەزەیی بوون بەرامبەر یانە هۆڵندییەكەو بەردەوام بوون لە هێرشەكانیان و دوای گوشارێكی زۆر لە دەقەی 72 مارتین ئۆدیگارد گۆڵی دووەمی خۆی و شەشەمی تیپەكەی لە یارییەكەدا تۆماركرد.

یاریزانانی ئارسیناڵ سور بوون لەسەر ئەوەی درێژە بە سەركەوتنە مێژووییەكەیان بدەن و لە دەقەی 85 ریكاردۆ كالافیۆری ئیتاڵیش ناوی خۆی خستە نێو تۆماركەرانی گۆڵەوە و ئیمزای لەسەر گۆڵی حەوتەم كرد و كۆتایی بە فێستیڤاڵەكەش هێنا.

یارییەكەش بەم شێوەیە كۆتایی هات و ئارسیناڵ بە ئەنجامی حەوت گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێك سەركەوتنی نوسیەوە و ئەمەش بە گەورەترین سەركەوتنی دەرەوەی یاریگا دادەنرێت لە قۆناغی دوای كۆمەڵەكانی چامپیۆنس لیگ  هەروەها گەورترین سەركەوتنی ئەو یانەیەشە لە پاڵەوانێتییەكە و لە رێگەیەوە سەركەوتنی تۆپ هاوێژەكانیش بۆ قۆناغی چارەكی كۆتایی بە رێژەیەكی گەورە یەكلا بووتەوە پێش ئەوەی یاریی گەڕانەوە لە ناو ئیمارات ستادیۆم رۆژی چوارشەممەی داهاتوو ئەنجام بدەن.

newspaper

بابەتی پەیوەندیدار