پێشتر سەركەوتنی خۆیان بۆ قۆناغی پلەی ئۆف یەكلا كردبووەوە
ئۆكلۆهاما سیتی ساوندەر سەركەوتنی ژمارە 56ی نووسییەوە

یانەی ئۆكلۆهاما سیتی ساوندەر بەردەوامە لە نووسینەوەی سەركەوتەكانی لە خولی باسكەی ئەمریكا و ئەمجارە لە دەرەوەی یاریگای خۆی شكستی بە یانەی میلواكی باكس هێنا بە جیاوازی 16 خاڵ.
چارەكی یەكەمی یارییەكە بە پێشەنگی یاریزانانی باكس كۆتایی هات بە جیاوازی دوو خاڵ.
بەڵام ئەوە بەس نەبوو بۆ ئەوەی شكست بە میوانەكەیان بێنن و لە چارەكی دووەمەوە هەموو شتێك پێچەوانە بووەوە و لە كۆتایشدا یارییەكە بە ئەنجامی 121 خاڵ بەرامبەر بە 105 خاڵ بە سودی ساوندەر كۆتایی هات.
شای گیلیۆس ئەلێكساندەری ئەستێرەی یەكەمی ساوندەر لەم یارییەشدا درێژەی بە ئاستە بەرزەكەیدا و توانی 31 خاڵ تۆماربكات.
ئەمەش سەركەوتنی ژمارە 56ی ئۆكلۆهاما سیتی ساوندەر بوو لەم وەرزەدا و تەنیا 12 جار تووشی شكست هاتوون و پێشتر سەركەوتنی خۆیان بۆ قۆناغی پلەی ئۆف یەكلا كردبووەوە.