ئەمە دووەم سەركەوتنی مارك ماركێز بوو لە هەردوو پێشبڕكێی گراند پریكسی ئەمساڵ
مارك ماركێز خەڵاتی گراند پریكسی مۆتۆ جی پی ئەرژەنتینی بردەوە

مارك ماركێزی ئیسپانی و ماتۆڕسواری تیمی دۆكاتی, بەردەوامە لە پێشكەش كردنی ئاستە بەرزەكەی لە پێشبڕكێكانی ئەمساڵی مۆتۆ جی پی و گراند پریكیسی ئەرژەنتین توانی پلەی یەكەم بەدەست بێنێت.
ماتۆڕسوارە ئیسپانییەكە كە پێشتر شەش نازناوی جیهانی بەدەست هێناوە, پێشبڕكێكەی بە ماوەی 41 دەقە و 11 سانیە و 100 بەشی سانییەیەك تەواو كرد و پێش هەموان گەیشتە هێڵی كۆتایی.
هاوكات ئەلێكس ماركێز كە برا بچووكی ماركە لە پلەی دووەمدا هات و جیاوازی نێوانیان سانیەیەك و 362ی بەشی سانیە بوو, فرانكۆ مۆربیدیلی ئیتاڵیش پلەی سێیەمی بەدەست هێنا.
ئەمەش دووەم سەركەوتنی مارك ماركێز بوو لە هەردوو پێشبڕكێی گراند پریكسی ئەمساڵ دوای بردنەوەی خەڵاتی گراند پریكسی تایلاند.